نه‌ورۆزانه
كۆمه‌ڵێک
قسه‌ی خۆش
--------------------------------------
- مامه‌ندئاغای شه‌ختانێ
- مامۆستا قانع
- مامۆستا هێمن
- خاڵه‌مین
- هه‌مزه‌ئاغای مه‌نگوڕ
- جگه‌رخوێن
- عه‌لی حه‌سه‌نیانی(هاوار)
- مامۆستا هه‌ژار
- مامۆستا حه‌قیقی
- مه‌لا غه‌فوور ده‌بباغی
---------------------------------------------------------------------------------------
مامه‌ندئاغای
شه‌ختانێ
سه‌رچاوه: امثال و حكم
كردی، قادر فتاحی قاضی
- 1 -
ساڵێكی له مه‌هابادێ
چاوقوڵكه(تاعوون) دێ. خه‌ڵكی شاری له
ترسی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی له شاری هه‌ڵدێن و
ڕوو ده دێهاتی ده‌كه‌ن.
ڕۆژێكی مامه‌ندئاغای
شه‌ختانێ* ده‌بینێ كابرایه‌كی مه‌هابادی
خه‌ریكه له چۆمی بپه‌ڕێته‌وه و بێته
نێو دێی. مامه‌ند ئاغا هه‌رای ده‌كا:
بگه‌ڕێوه! مه‌یه نێو دێی! ئێمه‌ش تووشی
نه‌خۆشی مه‌كه!
كابرا زۆر ده‌پاڕێته‌وه،
ده‌ڵێ: ڕێم بده، په‌نام هێناوه!
مامه‌ندئاغا لێی
ده‌پرسێ: هه‌تا ئێستا له مه‌هابادێ
چاوقوڵكه چه‌ند كه‌سی كوشتووه؟ كابرا
ده‌ڵێ: زۆری خه‌ڵک كوشتووه. مامه‌ندئاغا
نێوی چه‌ند پیاوی ماقووڵ و به‌نێوبانگی
مه‌هابادێ ده‌با و ده‌ڵێ: ئه‌وانه ماون؟
كابرا ده‌ڵێ: به‌ڵێ، ئه‌وانه هه‌موویان
ماون و هیچیان لێ نه‌هاتووه. مامه‌ندئاغا
ئه‌وجار ده‌ڵێ: وه‌په‌ڕه، وه‌په‌ڕه،
ئه‌و نه‌خۆشییه شڕه‌خۆره، به‌وان
نه‌وه‌ستاوه، به منیش ناوه‌ستێ!
---------------------------------------------------------------------
*: "شه‌ختان" گوندێكه له
ناوچه‌ی مه‌نگوڕان كه مڵكی مامه‌ندئاغای
بووه.
- 2 -
تیمسارێكی
شای میوانی مامه‌ندئاغای شه‌ختانێ ده‌بێ.
مامه‌ندئاغا لێی ده‌پرسێ: دوای تیمسارێ
ده‌بی به چی؟ ده‌ڵێ: سپه‌هبود؟ ده‌پرسێ:
دوایه؟ وڵام ده‌داته‌وه: ئه‌رته‌شبود؟
ده‌ڵێ: ئه‌دی ئه‌وجار؟ ده‌ڵێ: ئیدی هیچ!
مامه‌ندئاغا ده‌ڵێ: جا ئه‌وده‌م تازه
وه‌ک منت لێدێ!
- 3 -
ڕۆژێكی ساردی پاییزێ مامه‌ندئاغا به‌یانی
زوو خۆی ده‌گه‌یه‌نێته حه‌وزێ كه غوسڵێ
بكا و ده ئاوێ هه‌ڵبێ. ده‌چێ ده
حه‌وزێوه و دوو جاران خۆی قووم ده‌كا.
ئاوه‌كه زۆر سارد ده‌بێ، مامه‌ندئاغا دوو
تڕی پڕ به قوونێی لێ به‌رده‌بێ، ده‌نگیان
دێ و بڵقیان وه‌سه‌ر ئاو ده‌كه‌وێ.
مامه‌ندئاغا ده‌ڵێ: ئه‌و قوڵته‌یه له
سابڵاغێ با و له قاوه‌خانه‌ی كه‌ریم
جووجی له قه‌ننه‌كه‌ی وی هاتبا، هه‌ر
قووڵته‌ی هه‌زار تمه‌نی دێنا !
- 4
-
له شه‌ختانێ ماڵێک بووكی
ده‌گوێزنه‌وه. شه‌وێ زاوای ده‌باڵ بووكێ
ده‌كه‌ن. چیوای پێناچێ سرت و خورت په‌یدا
ده‌بێ، پاشان ده‌بێ به هه‌ڵڵا و دوایه‌ش
شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان بنه‌ماڵه‌ی
بووک و زاوای دا.
مامه‌ندئاغا گوێی
له‌و ده‌نگ و هه‌رایه ده‌بێ، ده‌پرسێ
چباسه؟ ئه‌و هه‌رایه چییه؟
ده‌ڵێن:
له قسان بووک دۆڕاندوویه‌تی! كچ نه‌بووه!
مامه‌ندئاغا سه‌ری ڕاده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێ:
په‌ككو كرمانج بێ ئه‌قڵه! جا ئه‌وه
كێشه و هه‌رای بۆ چییه؟ به زاتێ خودای
نۆ ژنم هێناوه هێشتا گونم خوێناوی
نه‌بووه، ده‌جا ده‌نگیشم نه‌كردووه!!
-------------------------------------------------------------------
مامۆستا قانع
سه‌رچاوه: چێشتی مجێو‌ر، مامۆستا هه‌ژار
- 1 -
"شێخ مه‌حموود له سیته‌ک میوانی شێخ
له‌تیفه. زۆر كه‌س له به‌غدا و
شاره‌كانی تره‌وه هاتوونه لای. شه‌و
ده‌بێ به فڕان فڕانی لێفه و زۆردار له
ده‌ست بێ زۆری ده‌ڕفێنێ. ئه‌فه‌ندییه‌كی
زۆر به شه‌رم و حه‌یا كه لای شێخ
دانیشتووه و ده‌بینێ "قانع" هه‌ڵده‌سووڕێ،
به سرته ده‌ڵێ:
- شێخ "قانع" ده‌ستم دامانت، منت له‌بیر
نه‌چێ.
- ئه‌فه‌ندی، ڕازی تۆش وه‌ک خۆم بی؟
- زۆرت مه‌منوونم.
شه‌و دره‌نگێک له كه‌لێنی ده‌رگاوه به
قامک ئیشاڕه‌تی بۆ ده‌كا. ده‌چنه به‌ر
هه‌یوانی مزگه‌وت. دوو حه‌سیری بوریای
درێژی لێیه، "قانع" له سه‌ر یه‌كیان
ڕاده‌كشێ.
- ده‌ی ئه‌فه‌ندی لوولم ده!
ئه‌فه‌ندی لوولی ده‌دا تا ئه‌و سه‌ر، لاق
و مل به‌ده‌ره‌وه و حه‌سیر ده زگ
پێچراوه.
- تۆش ڕاوه‌سته به‌ڵكوو یه‌كێک بێته میز
كردن، بێژه لوولت بدات!
- 2 -
"قانع" كه له سابڵا‌غ گه‌ڕابۆوه،
كابرایه‌ک نیوه ئاشێكی دابوویه، ببووه
ئاشه‌وان. له سه‌ر جاده‌ی گشتیی تابڵۆی
نووسیبوو: "بۆ ئاشی قانع". تابڵۆی به
داری ده‌وری ئاش دا چه‌سپاندبوو: "ئاشێڕ
لێره داده‌نیشن"، "كه‌ره‌كان له‌م بن
داره مۆڵ ده‌خۆن". شێخ حه‌مه‌ده‌مینی
خاوه‌ن ئاش ڕۆژێک ده‌چێته سه‌ردانی "قانع"
و چاوه‌نۆڕه بیبینێ. "قانع" له ئاش
دێته ده‌ر و له قاقا ده‌دا.
- بۆ پێده‌كه‌نی؟
- یا شێخ خۆ تۆ خوێنده‌واری، له جێی
كه‌ران مۆڵت خواردووه!
- به‌خوا كه‌سێک هه‌واڵی "قانع" بێ هه‌ر
مۆڵگه‌ی كه‌ری ڕه‌وایه!
نیوه ئاشی لێ سه‌ندرایه‌وه!
- 3 -
جه‌نگه‌ڵبان، گوتوویانه هه‌ركه‌س گوێ
به‌رازێک به‌رێ بۆ ده‌وڵه‌ت دووسه‌د فلـسی
ده‌ده‌نێ. "قانع" شه‌ش به‌راز ده‌كوژێ،
دوازده گوێ ده‌باته فه‌رمانداری له
چوارتا.
- قوربان بفه‌رموو دوو دینار و چوارسه‌د
فلـسم به‌نێ.
- كاورا هه‌روا گۆتره‌یه؟ به چیت
كوشتوون؟ كوا پاسی تفه‌نگه‌كه‌ت؟ فیشه‌كت
له كوێ هێنا؟
- قوربان مودیربه‌گ، كوشتنی چی و تفه‌نگی
چی و پاسی چی؟ من مه‌لادێم و ئه‌م گوێ
به‌رازانه‌یان به زه‌كات و سه‌رفتره
داومه‌تێ! خوا خێریان بنووسێ!
پۆلیسێک به سه‌ر دادێت و ده‌ڵێ: شێخ "قانع"
ماندوو نه‌بی!
مودیر ده‌ڵێ: تۆ كه "قانع"ی بۆ ده‌نگ
ناكه‌ی؟
- جه‌نابی مودیر خه‌ریک بووی گوێ
به‌رازه‌كانم بخۆی!
- 4 -
كابرایه‌ک هاوار بۆ شێخ مه‌حموود دێنێ:
- قوربان مار وه كوڕمییه‌وه داوه، نان
بجاوه با خاسی كاته‌وه.
"قانع" هه‌ڵده‌داتێ:
- باوه‌حیز نووشته‌ی ماری ئه‌وێ و نانی
خۆشی نه‌هاوردووه شێخ بۆی بجاوێ ، ئه‌شێ
له نانی خۆی كه‌م كاته‌وه!
- 5 -
"قانع" مامۆستای دینه له گوندێک. به
مناڵان ده‌ڵێ:"كوڕم ئه‌گه‌ر بازڕه‌س هات و
باسی دروستبوونی خه‌ڵكی سه‌ر زه‌وی پرسی،
بڵێن ئاده‌م له قوڕ دروست كراوه،
دارسیواكێكی له كونگی خراوه تا
كونه‌كه‌ی وێک نه‌كه‌وێته‌وه. كاتێ وشک
بۆته‌وه داریان ڕاكێشاوه، دار گیر
نه‌بووه، چۆته لای خودا بۆ شكایه‌ت:
خودایه بۆ كردووتمه گاڵته‌جاڕی داران؟
خوا فه‌رموویه: خه‌م مه‌خۆ، وا ده‌كه‌م
موسوڵمانان رۆژێ پێنج جار بتخه‌نه
ده‌میانه‌وه!". بازڕه‌س كه گوێی له‌م
جوابه ده‌بێ، ده‌ڵێ:
- ئه‌وه له كام كتێب دایه؟
"قانع" ده‌ڵێ: قوربان " قصص الانبیا"
نووسیویه.
- كه وابێ گاڵته به ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ی،
یاڵڵا بۆ ده‌ره‌وه!
- 6 -
"قانع" و فه‌قێیه‌ک له مزگه‌وتی دێیه‌كن.
حاجییه‌ک تۆپێک خام بۆ به‌رماڵی مزگه‌وت
ده‌كڕێ. "قانع" ده‌رفه‌ت دێنێ و به فه‌قێ
ده‌ڵێ: ئه‌م مزگه‌وته چه‌ند ساڵه بنیات
نراوه؟
- سه‌د ساڵ.
- چه‌ند ساڵه ڕووخاوه و به مردوو
حه‌ساوه؟
- چووزانم، په‌نجا ساڵه.
- خاسه، پازده ساڵ مناڵ و ناباڵغ بووه،
ئه‌مێنێته‌وه سی و په‌نج ساڵ، خۆ ئیسقاتی
بۆ نه‌كراوه! به‌رماڵ ده‌پێچێته‌وه و سی
و پێنج جار ده‌ڵێ:"ئه‌م به‌رماڵه‌م دا به
تۆ له كه‌فاره‌تی ئه‌و تڕ و تسانه و
درۆیانه‌ی لادێیی له‌م مزگه‌وته دا
كه‌ندوویانه و كردوویانه. بڵێ قبووڵم
كرد و دامه‌وه به خۆت!". به‌رماڵ له‌ت
ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه كراس و ده‌رپێ. له
سه‌ر ئه‌مه‌ش له دێ ده‌ریده‌كه‌ن.
- 7 -
شۆڕشی كوردی عێڕاق ده‌ستی پێكردبوو. رۆژێک
"قانع" ده‌چێته سه‌یری خۆپێشاندانێكی
گه‌وره له سوله‌یمانی. وتاربێژێک
ده‌نه‌ڕێنێ:
- به شانازییه‌وه ئه‌م شۆڕشه له‌سه‌ر
شانی ڕانه‌نده و كۆمه‌ک ڕانه‌نده
پێكهاتووه.
"قانع" ده‌ست بڵیند ده‌كا:
- مامۆستا كه وابێ مه‌كته‌بی سیاسیی ها
له گاراجی عه‌بده!
له سه‌ر ئه‌وه برایم ئه‌حمه‌د له
عێڕاقی ده‌ركرد و له مه‌ریوان گرتیان و
بردیانه تاران و تا دره‌نگ نه‌هاته‌وه
عێڕاق.
---------------------------------------------------------------------------------------
مامۆستا هێمن
سه‌رچاوه: گۆڤاری مامۆستای كورد، ژماره
22، وتاری "یادێک له مامۆستا هێمن"، ناسری
ڕه‌زازی
- 1 -
كاتێک له‌گه‌ڵ مامۆستا هێمن
و هاوڕێیان چووین بۆ كانی شه‌فا، پاش
سازكردنی كه‌باب و خواردن و خواردنه‌وه و
قسه و باس و جه‌فه‌نگ و گه‌پلـێدان،
گه‌ڕاینه‌وه بۆ ناو شاری سنه. شه‌و
بڕیارمان دا كه به‌یانییه‌كه‌ی بڕۆین بۆ
مه‌ریوان. نازانم له‌به‌ر چی بوو، گیانی
مامۆستا هێمن لیری ده‌ركرد و پێستی ده‌ست
و سه‌ر و چاو و له‌شی سوور هه‌ڵگه‌ڕان و
ئه‌ستوور بوون. كه چووین بۆ مه‌ریوان،
میوانی كاک مه‌حموودی ئاشتیانی بووین. كاک
مه‌حموود له مامۆستای
پرسی: "قوربان
به‌ڵا دووره ئینشاڵڵا، ئه‌وه بۆ وات
لێهاتووه؟". مامۆستا هێمنیش گوتی: "هیچ،
كانی شه‌فا كاری خۆی كرد!". كاک
مه‌حموودیش كوتی: "كانی شه‌فا بۆ قوربان؟".
مامۆستا هێمنیش گوتی: "وه‌ڵڵاهی له‌گه‌ڵ
ناسر و براده‌ران چووین بۆ كانی شه‌فا،
ئاوی ئه‌وێم خوارده‌وه، به‌ڵام باش بوو
كاری له خوارێ نه‌كرد و له سه‌ره‌وه
لێی دام!".
- 2 -
مامۆستا
هێمن گوتی: "ساڵی 1979 كه حكوومه‌تی
كۆماری ئیسلامی هێرشی كرده سه‌ر مه‌هاباد،
نه پێشمه‌رگه، نه خه‌ڵک، خۆیان
ڕانه‌گرت و له خڕی ناوزه‌نگ، كه
باره‌گای یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانی
لێ‌بوو، گیرساینه‌وه. له ئاشی پشكاوێ،
له‌گه‌ڵ كۆمیته‌ی چاپه‌مه‌نیی حیزبی
دێموكڕات، له گوندێكی تاقه‌ماڵی، خه‌ریكی
ده‌ركردنی بڵاوكراوه و نووسراوه‌كانی
حیزب بووین. گه‌وره و پیری ئه‌و
تاقه‌ماڵه ژنێک بوو به نێوی "پووره
ئایشێ". ئه‌گه‌ر ده‌نگی هه‌لیكۆپته‌ر
ده‌هات، هه‌ڵده‌هات، نازانم ڕاداری به
كوێوه بوو! هه‌رچه‌ند به ته‌مه‌ن خۆی
له هه‌شتا ده‌دا به‌ڵام زیت و وریا و به
ده‌ست و برد بوو. زۆربه‌ی كات به سه‌ری
ده‌كردینه‌وه و له‌و سه‌رلێدانانه‌ش، له
پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مندا، نوكته و باسی خۆش
ده‌خوڵقا! بۆ به‌دبه‌ختیش له نێوان ئه‌و
هه‌موو حه‌شامه‌ته دا، له به‌ر وه‌ی
سه‌ری من سپی بوو و پیر بووم، منی
دیتبووه‌وه و ئه‌گه‌ر شتێک ده‌بوو بانگی
منی ده‌كرد. فڕۆكه و هه‌لیكۆپته‌ر زۆر
ده‌هاتنه سه‌رمان. له‌به‌ر ده‌رگای
كۆمیته‌ی چاپه‌مه‌نی دوو گاشه‌به‌رد
به‌ریان وه‌یه‌ک كه‌وتبوو، له بنه‌وه
كه‌لێنێكی گه‌وره‌یان لێ درووست ببوو.
ئه‌و كه‌لێنه موڵكی
كۆمیته‌ی ئێمه
بوو، كه‌چی براده‌رانی ناوه‌ندی له كاتی
هاتنی فڕۆكه و هه‌لیكۆپته‌ر، تێیده‌خزان
و ئێمه‌ش په‌نامان ده‌برده كونی دیكه!
ڕۆژێک هه‌ر هه‌موو ماندوو و مردوو،
ڕاكشابووین، له پڕ پووره ئایشێ به به‌ر
ده‌ركی مه‌قه‌ڕ دا هه‌ڵات و گوتی:
"مامۆستا ته‌یاره‌كێ هات!". ئه‌مه‌ش
چووینه ده‌رێ كه خۆمان ده كونه
ته‌یاران باوێین، دیتمان پووره ئایشێ خۆی
ده كونێكی خزاندووه. هه‌ر كه منی دیت
گوتی: "مامۆستا!"، گوتم: "به‌ڵێ". گوتی:
"تۆ وه‌ره كونێ من ته‌ماشا كه، كونێ
من!". گوتم: "جا بۆ ته‌ماشای كه‌م؟".
گوتی: "بزانه كونێ من چاتره یان هی
وان؟". منیش گوتم: "هیچ شكم تێدا نییه،
هی تۆ له هی هه‌موان چاتره! ئیدی ئه‌وه
ته‌ماشا كردنی ناوێ!". جا فه‌قیره هه‌ر
تێشنه‌گه‌یبوو كه مه‌به‌ستم چییه!
به‌ڕاستی حه‌ساسییه‌تێكی سه‌یری هه‌بوو."
<> <> <> <>
ڕۆژێكی دیكه ئیش
و كارمان گه‌لێک زۆر بوو، ده‌بوو به
په‌له ڕایانپه‌ڕێنین و ته‌واویان بكه‌ین،
ماندوو و شه‌كه‌ت درێژ ببووین، له پڕ
پووره ئایشێمان لێ په‌یدا بوو و گوتی:
"مامۆستا ته‌یاره‌كێ هات!". منیش چوومه
ده‌رێ و گوتم: "ئه‌رێ پوورێ بۆ له كۆڵمان
نابییه‌وه؟ ده‌ڵێی ڕاداریان ده میتكه
خستووی؟!".
- 3 -
مامۆستا
هێمن گوتی: "مه‌لا ڕه‌حیمی ئیبنوعه‌بباسی،
مه‌لای ئاشیگوڵانێ بوو، مانگی ڕه‌مه‌زان،
من و دۆستێكی دیكه، كه سه‌رده‌می
لاوه‌تیمان بوو، چووین بۆ لای، بۆ
جێژنه‌پیرۆزه. دوای نان خواردن، چووین بۆ
مزگه‌وت، بۆ هه‌ڵگرتنی ده‌سنوێژ! مه‌لا
ڕه‌حیم ده‌رسی فه‌قێگه‌ری لێ ده‌گوته‌وه
و 12 سوخته‌ی له لا بوون. هه‌موویان به
ڕۆژوو بوون. وه‌یانزانی ئه‌مه‌ش به
ڕۆژووین! له‌و كاته‌یدا كه له سه‌ر
حه‌وز ده‌سنوێژمان هه‌ڵده‌گرت، یه‌ک له
فه‌قێكان، كه خه‌ڵكی شیلاناوێ بوو، له
په‌نا ده‌ستمه‌وه پێی‌گوتم: "مامۆستا ناشێ
شه‌شه‌كانیش نه‌گری؟" گوتم: "به خودای
كاكه ئه‌و گووه به من ناخورێ!!"
- 4 -
له‌و ڕۆژ و شه‌وانه دا
كه له‌گه‌ل مامۆستا هێمن و هاوڕێیان كۆ
ده‌بووینه‌وه، فره جار ده‌بوو به
ده‌مه‌ته‌قه‌ی شیرین و پڕ له مانای دوو
زاراوه‌ی موكری و ئه‌رده‌ڵانی. جارێكیان
مامۆستا هێمن به زاراوه ڕه‌وان و
پاراوه‌كه‌ی، كه ده‌تگوت به سه‌ر
مه‌خمه‌ڵدا باز ده‌دا، قسه‌ی ده‌كرد،
ناخڵاف كوڕێكی سنه‌یی خوێنگه‌رم له
كۆڕه‌كه دا، كه خۆماڵی بوو، هه‌ڵیدایه
و به ئه‌رده‌ڵانییه‌كی تۆخ گوتی: "مامۆسا
گیان قوربان خوه‌ت و شیعره‌كانۆ بم،
ئومێوارم هه‌میشه هه‌ر خوه‌ش بی و هه‌ر
بكه‌نی!". مامۆستاش به حازرجوابی
بزه‌یه‌كی هاتێ و گوتی: "جا ڕۆڵه گیان
ئه‌گه‌ر هه‌ر بكه‌نم، تڕتڕه‌م ده‌پسێ و
هیچ وڵاتی ناهێڵم!!".
ئیتر كێ ما
له‌به‌ر پێكه‌نین و شیكردنه‌وه‌ی "كه‌نین
و پێكه‌نین" بۆ هه ردووک لا...
---------------------------------------------------------------------------------------
ئه‌و نوكتانه له ده‌سنووسێكی كاک
عه‌لی حه‌سه‌نیانی(هاوار) وه‌رگیراون:
- 1 -
خاڵه‌مینی به‌رزه‌نجی،
شاعیری كۆچكردوو، ده‌گه‌ڵ كابرایه‌كی
خاوه‌ن زه‌وی و زار و ده‌ست ڕۆیشتوو، به
نێوی كاک عه‌وڵای جه‌ڵدیانێ، نێوان
ناخۆشییان ده‌بێ. ئه‌و كاک عه‌وڵایه
ده‌بیسێته‌وه كه خاڵه‌مین باسی كردووه؛
بۆیه ڕاده‌سپێرێته لای خاڵه‌مین و ده‌ڵێ:
- به خاڵه‌مینی بڵێن ئه‌گه‌ر ده‌ست
هه‌ڵنه‌گرێ له نیری ده‌كه‌م! ["نیر"
گاجووتی تێده‌كرێ!]
خاڵه‌مینیش له وه‌ڵامیدا
ئه‌و دوو شێعره‌ی بۆ ده‌نێرێ:
بیستم گوتووته
خاڵم ئه‌گه‌ر بێت و نه‌سره‌وێ
هێنده‌ی نه‌وی ده‌كه‌م
سه‌ری بۆ نیری دانه‌وێ
خۆ من به پێچه‌وانه
له‌باتی نه‌ویت بكه‌م
هێنده‌ت بڵیند ده‌كه‌م
ته‌ره‌غه‌ت لێ وه‌ده‌ركه‌وێ!
----------------------------------------------------------------
["ته‌ره‌غه" كێوێكی به‌رزه
له نیزیک بۆكان. "ته‌ره‌غه پێشان دان"
مانایه‌كی خراپی هه‌یه.]
- 2 -
له زه‌مانی
كۆماری كوردستاندا، ماوه‌یه‌ک "خاڵه‌مین"
له "مامۆستا هێمن"ی دوور ده‌بێ و نایبینێ.
ڕۆژێكی تووشی پیاوێكی ناسیاو ده‌بێ و
لێیده‌پرسێ: "ده‌روێش هێمنه‌كه‌مان چده‌كا؟".
دوای یه‌ک دوو ڕۆژ مامۆستا هێمن دێته‌وه
شاری و تووشی "خاڵه‌مین"ی ده‌بێ و هه‌ر
كه ده‌یبینێ ده‌ڵێ: "خاڵه! ده‌روێش نیم،
شێری پرچنم.". خاڵه‌مینیش ده‌سبه‌جێ ده‌ڵێ:
"ده‌ستت به گونم!"
- 3 -
ساڵێكی بێستانی
مامۆستا هێمن تڕتڕه لێیده‌دا و به‌شی
زۆری ده‌فه‌وتێ. ئه‌ویش له داخان ئه‌و
شێعره ده‌نووسێ:
هاتی و ڕزقی هه‌موو خه‌ڵكت
بڕی ئه‌ی تڕتڕه
من به یه‌ک تڕ قه‌ڵسم و
تۆ دوو تڕی ئه‌ی تڕتڕه
- 4 -
هه‌مزه‌ئاغای
مه‌نگوڕ حه‌وت ساڵان له ئیستانبووڵ
زیندانی ده‌كرێ. له زینداندا ده‌گه‌ڵ زۆر
مرۆڤی ڕووناكبیر ئاشنا ده‌بێ و زۆریان شت
لێ فێر ده‌بێ. كاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
نێو مه‌نگوڕان، رۆژێک پیاوێک ده‌مرێ و
ده‌یبه‌ن ده‌ینێژن. هه‌مزه‌ئاغاش
ده‌گه‌ڵیان ده‌چێ. مه‌لا ته‌ڵقینی داده‌دا.
هه‌مزه‌ئاغا ده‌ڵێ:
- مامۆستا ئه‌وه
ده‌ڵێی چی؟
- قوربان ته‌ڵقینی
داده‌ده‌م.
- بۆ؟
- چونكه دوای
ناشتن نه‌كیر و مونكیری دێنه سه‌ر و سوال
و جوابی لێده‌كه‌ن، ده‌بێ بیزانێ ده‌نا
گۆڕه‌وشاری ده‌ده‌ن.
- مامۆستا تا
كه‌نگێ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ر ده‌كه‌ن و
فریویان ده‌ده‌ن؟ ئه‌و قسانه چن؟
ئه‌وانه هه‌مووی درۆن.
- نه‌خێر
قوربان ڕاسته.
هه‌مزه‌ئاغا ده‌ستوور ده‌دا هێندێک قاوت و
دوو هێلـكان بێنن؛ پاشان كفنه‌كه‌ی
ده‌كه‌نه‌وه و هه‌ر هێلـكه‌یه‌ی وه‌بن
هه‌نگڵێكی ده‌دا؛ قاوته‌كه‌ش ده ده‌می
مردووه‌كه‌ی ده‌كا و ده‌ڵێ:
"ده
كفنه‌كه‌ی بنێنه‌وه!". جا ده‌ڵێ:
-
مامۆستا! ئه‌گه‌ر قسه‌ی كرد قاوته‌كه‌ی
له ده‌می دێته ده‌ر. ئه‌گه‌ر
گۆڕه‌وشاریش درا هێلـكه‌كان ده‌شكێن،
ئه‌گه‌ر وابوو هه‌رچییه‌كت ده‌وێ
ده‌تده‌مێ ده‌نا ده‌بێ بار كه‌ی و له نێو
مه‌نگوڕاندا بتبینمه‌وه شاقه‌لت ده‌بڕم.
بۆ سبه‌ینه‌كه‌ی قه‌بره‌كه‌ی ده‌ده‌نه‌وه
و كفنه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه، ده‌بینن نه
قاوت له ده‌می هاتۆته ده‌ر، نه
هێلـكه‌كان شكاون. ته‌ڵاقێ له مه‌لای
ده‌خوا و ده‌ڵێ شه‌و لێره نابی و مه‌لای
ده‌رده‌كا.
- 5 -
جارێكی "جگه‌رخوێن"ی شاعیر
له لای شێخێكی عه‌ڕه‌ب داده‌نیشێ.
بالیفێک(باڵنجێک) له نێوان جگه‌رخوێن و
شێخه عه‌ڕه‌به‌كه ده‌بێ. شێخه
عه‌ڕه‌به‌كه، له نێو قسان دا، له
جگه‌رخوێن ده‌پرسێ:
- كورد و كه‌ر
چه‌ندیان نێوانه؟
جگه‌رخوێن بێ وچان وه‌ڵام
ده‌داته‌وه:
- ته‌نیا بالیفێک!
- 6 -
له ساڵی 1343ی هه‌تاوی(1964ی زایینی) دا،
له لایه‌ن ڕێژیمی شاوه نیزیكه‌ی 150
كه‌س له خه‌ڵكی كوردستانی ئێران به
تاوانی خه‌بات له ڕێگه‌ی كورد و
كوردستاندا ده‌خرێنه نێو به‌ندیخانه‌ی
قزڵقه‌ڵای تاران. ئه‌وده‌م به‌ندیخانه‌ی "ئێوین"
هێشتا ساز نه‌كرابوو و زیندانییه
سیاسییه‌كان له قزڵقه‌ڵا ڕاده‌گیران.
سواره‌ی ئیلـخانیزاده(ئازاد) و عه‌لی
حه‌سه‌نیانی(هاوار)یش له نێو
زیندانییه‌كاندا ده‌بن. شه‌وێک له
حه‌وشه‌ی زیندان دا "هاوار" بۆ هێندێک له
زیندانییه‌كان خه‌ریكی شێعر خوێندنه‌وه
ده‌بێ كه "سواره" له‌و لاوه دێ و
پێیده‌ڵێ:
- ئه‌وه ده‌شێعرێنی به خۆت
دا؟
"هاوار"یش بێ وچان وه‌ڵامی
ده‌داته‌وه:
ئه‌گه‌ر ئه‌مشۆ بشێعرێنم به خۆم دا
شتێكی داده‌نێم
ناحه‌ز وه‌كوو تۆ!
- 7 -
له سه‌رده‌می
كۆماری كوردستان، له مه‌هاباد،
ئاكادێمییه‌ک ساز ده‌بێ هه‌تا وشه‌ی
ڕه‌سه‌ن و پاراوی كوردی بدۆزنه‌وه و
به‌كاری بهێنن. یه‌كێک له ئه‌ندامانی
ئه‌و ئاكادێمییه شاعیری به‌نێوبانگ "مامۆستا
هه‌ژار" ده‌بێ. له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و
ئاكادێمییه دا دوو قسه‌ی خۆش له مامۆستا
هه‌ژار ده‌گێڕنه‌وه:
- یه‌ک -
له ڕۆژانی
هه‌وه‌ڵی پێكهاتنی ئاكادێمی دا ئه‌ندامانی
ئه‌و ئاكادێمییه بۆ دانانی ئه‌لفوبێی
كوردی ڕاوێژ و وتووێژ ده‌كه‌ن تا
ده‌گه‌نه پیتی " ق". "سه‌ید محه‌ممه‌دی
ئه‌ییووبیان"، یه‌كێک له ئه‌ندامان،
ده‌ڵێ:
- زمانی كوردی " ق"ی تێدا
نییه.
مامۆستا
هه‌ژاریش، بۆ وه‌یكه پێی بسه‌لمێنێ كه
كوردیی " ق"ی هه‌یه، ده‌سبه‌جێ ده‌ڵێ:
- قیڕه قیڕێ مه‌كه ده‌ڵێی قه‌له‌موونه‌ی،
هه‌ستم قوڕقوڕۆچكه‌ت بگرم قیڕه‌ت لێده‌بڕم!
- دوو -
ڕۆژێک له‌و ئاكادێمییه دا
بۆ وشه‌ی " آقا" و "خانم"، كه هه‌رتک له
زمانی مه‌غوولییه‌وه هاتوونه نێو زمانی
فارسی و له هێندێک ناوچه‌ی كوردستانی
ئێرانیشدا به‌كاریان دێنن، ده‌یانه‌وێ دوو
وشه بدۆزنه‌وه. دوای بیروڕا و وتووێژ
له جیاتی "ئاغا" وشه‌ی "كاک"
هه‌ڵده‌بژێرن، به‌ڵام بۆ جێگری وشه‌ی "خانم"
چی‌یان بۆ نادۆزرێته‌وه. مامۆستا هه‌ژار
ده‌ڵێ:
- جارێ به ژنانیش هه‌ر با
بڵێین "كاک" تا وشه‌یه‌كیان بۆ
ده‌بینینه‌وه!
[دیاره له دواییدا
وشه‌ی ڕه‌سه‌نی "یای" هه‌ڵده‌بژێرن.]
- 8 -
له زه‌مانی كۆماری كوردستان دا، كه
هه‌ڕه‌تی شێعر و شاعیرێتی "مامۆستا
هه‌ژار"ی ده‌بێ، ڕۆژێک له كوردستانی
عێڕاقه‌وه شاعیرێک، كه ئه‌ویش نازناوی "هه‌ژار"
ده‌بێ، نامه‌یه‌ک بۆ مامۆستا هه‌ژار
ده‌نێرێ و بۆی ده‌نووسێ: "هه‌ژار" ئه‌منم.
ئه‌تۆ له‌خۆته‌وه ئه‌و نازناوه‌ت داگیر
كردووه؛ باشتره نازناوێكی دیكه بۆخۆت
هه‌ڵبژێری. مامۆستا هه‌ژاریش له
وه‌ڵامیدا ده‌نووسێ:
- هه‌موو شتێكی
گه‌رمێن و كوێستان هه‌یه، وه‌ک ڕێوی
گه‌رمێن و ڕێوی كوێستان؛ كه‌وی گه‌رمێن و
كه‌وی كوێستان و ...؛ ئه‌تۆش هه‌ژاری
گه‌رمێن به و ئه‌منیش هه‌ژاری كوێستان!
نازناوه‌كه‌شم تازه پێ ناگۆڕدرێ. ئه‌گه‌ر
شێعرێكی باشی تۆم وه‌ده‌ست كه‌وت ده‌ڵێم
بۆخۆم دامناوه و ئه‌گه‌ر شێعرێكی خراپیشم
دانا ده‌ڵێم ئی هه‌ژاری گه‌رمێنه. به‌م
جۆره دوو "هه‌ژار" ده‌بنه دۆست و
نازناوه‌كه‌شیان ناگۆڕن.
- 9 -
له ساڵی 1359ی
هه‌تاوی(1980ی زایینی) دا مامۆستا هێمن
به‌رده‌بێته‌وه و په‌نجه‌ی پێی ده‌شكێ.
هێشتا حه‌وتوویه‌ک له‌و ڕووداوه ڕانابرێ
كه ناچار ده‌بێ شاری مه‌هاباد به‌جێبهێڵێ
و ڕوو له زێده‌كه‌ی خۆی، گوندی "شیلاناوێ"،
بكا. به سواری ماشێنێک تا نێو شیلاناوێ
ده‌چێ، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه كه
ماڵه‌كه‌ی له هه‌ورازی ده‌بێ و ڕێگای
ماشێنی نابێ، ورده ورده، به شه‌له
شه‌ل، ملـی ڕێیه ده‌گرێ. ده‌و ده‌مه‌یدا
پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه (شه‌هید ڕه‌حیمی
قادری) تووشی ده‌بێ و ده‌ڵێ:
-
مامۆستا ناتوانی بڕۆی، وه‌ره كۆڵم با
بتگه‌یێنمه‌وه!
مامۆستا هێمن سپاسی ده‌كا
و ده‌چته كۆڵی؛ كه خۆی قایم ده‌كا،
ده‌ڵێ:
- ئۆخه‌ی، نه‌مردم و سواری
كۆمه‌ڵه‌یه‌كی بووم!
- 10 -
كاک برایمی
ئه‌فخه‌می، كه شاعیرێكی بۆكانییه، له
قسان كتێبێكی نووسیوه و شاعیره
بۆكانییه‌كانی ناساندووه. ڕۆژێكی
كتێبه‌كه‌ی ده‌باته خزمه‌ت شاعیری
به‌نێوبانگ مامۆستا حه‌قیقی و نیشانی
ده‌دا و بیروبۆچوونی ده‌پرسێ. مامۆستا
حه‌قیقیش لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌داته‌وه و
چاوی به نێوی محه‌ممه‌دی ئه‌فخه‌می، برای
نووسه‌ری كتێبه‌كه، ده‌كه‌وێ و ده‌ڵێ:
- نه‌مبیستووه محه‌ممه‌دی ئه‌فخه‌می
شاعیر بێ، به‌ڵام خودا هه‌ڵناگرێ
كوێخایه‌كی باش بوو.
- 11 -
مه‌لا غه‌فووری
ده‌بباغی شاعیرێكی نابینا و فه‌قیر بوو؛
ڕۆژێكی دۆستێكی پێیده‌ڵێ: "مه‌لا غه‌فوور!
جه‌عفه‌ر ئاغای كه‌ریمی كووره‌یه‌كی خشتی
ساز كردووه، به شێعر پیرۆزبایی لێ بكه،
خه‌ڵاتت ده‌داتێ، ئه‌منیش بۆت
ده‌نووسمه‌وه و بۆی بنێره، به‌ڵام
هه‌رچی دایه‌ی له گه‌ڵم به‌ش كه!".
مه‌لا غه‌فوور ده‌ڵێ: "زۆر باشه".
شێعره‌كه‌ی ده‌نووسنه‌وه و مه‌لا غه‌فوور
ده‌یبا و ده‌یداتێ.
جه‌عفه‌ر ئاغاش ده‌ڵێ: "ئافه‌رین!". مه‌لا
غه‌فوور دێته‌وه و دۆسته‌كه‌ی ده‌ڵێ: "چی
دایه‌ی له گه‌ڵم به‌ش كه!"؛ مه‌لا
غه‌فوور ده‌ڵێ: «"ئافه‌رین"ێكی دامێ، "ئاف"ه‌كه‌ی
بۆ من، "رین"ه‌كه‌ی بۆ تۆ!».
---------------------------------------------------------------------------------------
قوڵه‌چوارشه‌ممه
دوایین
چوارشه‌ممه‌ی ساڵ "قوڵه‌چوارشه‌ممه"ی
پێده‌گوترێ. له هێندێک ناوچه دا "چوارشه‌ممه
ڕه‌شه"شی پێده‌گوترێ، چونكه له ژێر
ته‌ئسیری فه‌رهه‌نگی عه‌ڕه‌باندا ئه‌و
ڕۆژه به ڕۆژێكی شووم داندراوه. ئه‌و ڕۆژه
له ئێران‌دا به "چوارشه‌ممه
سووری"(چهارشنبه سوری) ناسراوه. ئێواره‌ی
سێ شه‌ممه خه‌ڵک ئاگر ده‌كه‌نه‌وه و به
سه‌ریدا باز ده‌ده‌ن. له ئێرانی كۆندا
جێژنێک هه‌بووه به ناوی "جێژنی سووری"(جشن
سوری). "سوور" ده زمانی كوردی و
په‌هله‌ویدا به مانای ڕه‌نگی سووره؛
هه‌روه‌ها به مانای "جێژن و شایی"شه.
له ئێرانی كۆندا خه‌ڵک له‌و ڕۆژه دا
بۆ میوانداریی له فره‌وه‌ره‌كان، كه جمكی
ده‌روونپاكی ئاده‌میزاده‌كان بوون،
ماڵه‌كانیان ڕازاندۆته‌وه و ئاگریان
كردۆته‌وه. ئاگركردنه‌وه به مانای گه‌یشتن
به ڕووناكایی دڵ و ڕووح بووه؛
نیشانه‌یه‌كیش بووه بۆ هه‌بوونی یه‌زدان.
هێندێک لێكۆڵه‌ره‌وه پێیانوایه ئه‌و دابه
دوای زاڵبوونی ئیسلام بۆته باو و
پێوه‌ندیی به سه‌رده‌می پێش ئیسلامه‌وه
نییه. عه‌ڕه‌به‌كان "چوارشه‌ممه"یان به
ڕۆژێكی شووم زانیوه و به به‌ڕێوه‌بردنی
جێژن و هه‌ڵپه‌ڕكێ ویستوویانه ئه‌و
شوومییه بتارێنن.
- سه‌رچاوه-
http://www.ravianteam.com/Farhangi/30.asp
ئاگركردنه‌وه له كوچه و كۆڵانان ده نێو
زه‌رده‌شتییه‌كاندا باو نییه و ئه‌وان به
سه‌ر ئاگریشدا باز ناده‌ن، چونكه پێیان
كارێكی ناحه‌زه. بۆ ئه‌وان ساڵ 5 ڕۆژ له
360 ڕۆژ زیاتر بووه(یان هه‌ر چوار ساڵه‌ی
6 ڕۆژ زیاتر بووه)، له‌و 5 ڕۆژه دا، بۆ
بانگكردنی ڕووحی پێشینانیان، ئاگریان
كردۆته‌وه و كردوویانه‌ته جێژن. به‌و پێیه،
به بڕوای زه‌رده‌شتییه‌كان، ئاگری
قوڵه‌چوارشه‌ممه(چوارشه‌ممه سووری) به
دابی ئاگركردنه‌وه‌ی 5 ڕۆژه‌ی ئاخری
ساڵه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه، كه له ئێرانی
كۆندا باو بووه. دوای زاڵبوونی ئیسلام، بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌و دابه نه‌فه‌وتێ، شوومیی
چوارشه‌ممه‌یان كردۆته بیانوو و
جێژنه‌كه‌یان ئاوێته‌ی ئه‌و خوڕافاته‌ی
عه‌ڕه‌بان كردووه و كردوویانه‌ته "چوارشه‌ممه
سووری".
- سه‌رچاوه-
http://news.iran-emrooz.de/more.php?id=P3609_0_7_0---------------------------------------------------------------------------------------
نه‌ورۆز
مامۆستا هێمن
له په‌راوێز دا: وته‌كانی
ئه‌حمه‌دی شاملوو له سه‌ر "مێهره‌گان" و "كاوه
و ئه‌ژده‌هاک"
له
باره‌ی نه‌ورۆزی پیرۆز دا زۆر شت گوتراوه
و نووسراوه. مێژوونووسان ده‌ڵێن ئه‌و
ڕۆژه كه ئاور دۆزراوه خه‌ڵک كردیه
جێژن و ناوی نا
من پێموایه ئه‌م ڕۆژه پیرۆزه و ئه‌م جێژنه گه‌وره‌ی زۆربه‌ی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات، پێوه‌ندی به ئابوورییه‌وه هه‌یه. جا ئیزن بده‌ن به كورتی له‌و باره‌وه بدوێم. تا بزانن منی كه‌ڕه‌كرمانج كه‌نگێ و له كوێم ده‌رسی ئیقتیساد خوێندووه تا قسه‌ی وا زل بكه‌م.
بابه با نه‌خوێنده‌واریش بم! خۆ ئه‌وه‌نده‌م له خوێنده‌واران بیستووه كه ئه‌و گه‌لانه‌ی به زمانه‌كانی ئێرانی ده‌دوێن، له ڕۆژگارێكدا كه نه من ده‌زانم كه‌نگێیه و نه ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان به مێژووزان و مێژووناس ده‌ژمێرن بۆیان ساغ بۆته‌وه، چه‌ند هه‌زار ساڵ ده‌بێ له قه‌فقازه‌وه سه‌ره‌وژێر بوونه‌وه و هه‌ر یه‌كه بۆ لایه‌ک ڕۆیشتوون. ئه‌و گه‌لانه هه‌موویان شوانه‌وێڵه و مه‌ڕدار بوون و ژیانیان به پێست و گوانی ئه‌م گیانلـه‌به‌ره خوێن‌شیرین و به‌سته‌زمانه، كه زۆر زوو ده‌سته‌مۆ بووه، دابین كردووه.
ڕوونتر بڵێم، خۆراكیان له شیر و پۆشاكیان له خوری ئه‌و حه‌یوانه بووه. جا بۆیه خۆشیانویستووه و گه‌رمێن و كوێستانیان ده‌گه‌ڵ كردووه و به دوای هه‌وار و له‌وه‌ڕگه دا وێڵ بوون و گه‌ڕاون. زۆر شاره‌زای نووسینه‌كانی "هێرۆدۆت"، "ته‌به‌ری"، "گزنفۆن"، "فردۆسی"، "مینۆرسكی" و "زێڕنۆف" و ئه‌وانه نیم كه بنه‌چه‌كه‌ی كورد به‌رمه‌وه سه‌ر كاردۆخ و ماد و نازانم كێ و كێ؟! ...
به‌ڵام ده‌زانم كوردیش یه‌كێک له‌و گه‌لانه‌یه له پێشدا شوانه‌وێڵه بووه، ئێستاش ئه‌گه‌ر كاره‌ساتی ڕۆژگار لێگه‌ڕێ كه‌یفی له شوانه‌تییه و وڵاته‌كه‌شی بۆ ئاژه‌ڵداری یا به زمانی ئیمڕۆ "دامداری و دامپه‌روه‌ری" ده‌ناڵێ.
ئێستاش هه‌رچه‌ند مه‌ڕداری له كوردستاندا به‌داخه‌وه زۆر كه‌م بووه و دامپه‌روه‌ره‌كان كاتی به‌ران تێبه‌ردانیان گۆڕیوه، به‌ڵام ئه‌و دابه هه‌ر نه‌گۆڕاوه. هه‌ركه‌س كرتكه مه‌ڕێكی بێ، ئه‌و ڕۆژه به‌ران ده مه‌ڕی ده‌كا، میوانداری له جیرانان ده‌كا، مێوژ و خۆرما و شیرینی ده‌دا به منداڵان و ئه‌گه‌ر خه‌ڵاتێكی زۆر باش بۆ شوان له ئه‌ستۆی به‌ران نه‌كا، كاكی شوان نایه‌ڵێ به‌رانی ڕه‌نگاو بچێته نێو مێگه‌ل.
به‌ڵام زۆر دوور نییه، هه‌ر به بیری من، مه‌ڕدار له ئاخر و ئۆخری مانگی "مێهر" به‌رانیان ده مه‌ڕ كردووه و جێژنی مێهره‌گانیان بۆ كردووه. دیاره ئه‌و جێژنه ئه‌وه‌نده گه‌وره بووه كه عه‌ڕه‌ب وه‌ریانگرتووه و كردوویانه به مێهره‌جان و به هه‌موو ڕۆژی خۆش ده‌ڵێن مێهره‌جان.
مه‌ڕ به پێنج مانگ ده‌زێ. پێشینیان ده‌ڵێن: به‌رخ پاش سه‌د ڕۆژ ڕووحی وه‌به‌ر دێ و مه‌ترسی به‌رئاویتن كه‌م ده‌بێته‌وه. جێژنی سه‌ده كه ئێستاش له زۆر شوێنی كوردستان ده‌یكه‌ن و پێیده‌ڵێن "بێڵن دانا" پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌م باسه هه‌یه. دوو مانگ پاییز و سێ مانگ زستان ده‌كاته پێنج مانگ و له شه‌وی ئه‌وه‌ڵی به‌هار دا "زه‌و"ی مه‌ڕ دێ و جێژنی هه‌ره گه‌وره‌ی مه‌ڕداره.
پێموانییه پێویستی به ڕوونكردنه‌وه بێ، به‌رخی مه‌سته‌شیر پاشی سێزده ڕۆژ ده‌بێ له كۆز ده‌ركرێ و به زاوه‌ماک بیبه‌یه له‌وه‌ڕ. ئه‌وه‌ش سێزده‌به‌ده‌ره‌كه‌مان.
ئه‌وه‌یه بۆچوونی منی كه‌ڕه‌كرمانج كه له ژیانی باوكم به‌سه‌ر مه‌ڕ ڕاده‌گه‌یشتم و گه‌رمێن و كویستانم ده‌كرد و به پسپۆڕی ناوبانگم هه‌بوو. به‌ڵێ، ماوه‌یه‌كی زۆر وێڕای شوانی شه‌وگه‌ڕ و شه‌نگه‌بێری توند و تۆڵ له كوێستانه جوانه‌كانی كوردستانی ڕه‌نگین ژیانم ڕابواردووه.
زۆر پاڵێنان له منداره مانگدا بۆ ئه‌وه‌ی شوانه‌كانمان نیوه‌ڕۆ، خه‌وی بۆ بكه‌ن و شه‌وانه مه‌ڕ بڕه‌تێنن بۆخۆم ده‌ستم داوه‌ته گۆچان و چوومه به‌ر مه‌ڕ و له‌و وه‌ختانه دا بووه شێعرم به ته‌بیعه‌ت و خۆڕسک و ژیانی كورده‌واری هه‌ڵگوتووه.
---------------------------------------------------------------------------------------
تێبینی و په‌راوێزی هێدی:
[1]: دیاره ئه‌و بۆچوونانه نه‌سه‌لماون و ده چوارچێوه‌ی ئه‌فسانه دا ده‌گونجێن. هه‌مووشیان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه ده‌بن.
شاعیری ناوداری فارس "ئه‌حمه‌دی شاملـوو" له كۆنفڕانسێكدا، كه ساڵی 1990 له زانستگه‌ی "بێركلی" كالیفۆرنییای ئه‌مریكا به‌ڕێوه چووه، سه‌باره‌ت به "مێهره‌گان" و "كاوه و ئه‌ژده‌هاک(زه‌حاک)" بۆچوونه‌كانی خۆی ده‌ربڕیون. به‌شێک له وته‌كانی، كه به شێوه‌یه‌كی ئازاد وه‌رمگێڕاونه‌وه، به‌و چه‌شنه‌ن:
"مێهره‌گان" گرینگ‌ترین ڕۆژ و سه‌ره‌تای ساڵی پاییزی بووه. پێشینانی ئێمه له‌باتی ساڵێكی هه‌تاوی، دوو نیو ساڵیان هه‌بووه، كه بریتی بوون له ساڵی پاییزی و ساڵی به‌هاری. ... قه‌ومه ئاریایییه‌كان له باكووریترین خاڵی گۆی زه‌ویڕا به‌ره‌وه ناوچه جۆراوجۆره‌كان و هه‌روه‌ها به‌ره‌و ئێران كۆچیان كردووه. له سه‌ره‌تا دا ساڵه‌كه‌یان دوو به‌ش بووه، هاوینێكی دوو مانگه و زستانێكی ده مانگه. پاشان هه‌تا ئه‌و قه‌ومانه له باری جوغڕافییایییه‌وه زیاتر به‌ره‌و خوار بوونه‌وه، ماوه‌ی هاوینه‌كه‌یان درێژتر و زستانه‌كه‌یان كورتتر بۆته‌وه. له ئاكامدا ساڵ بۆته دوو به‌شی شه‌ش مانگه، كه به‌شه به‌هارییه‌كه‌ی به "نه‌ورۆز" ده‌ستی پێكردووه و به‌شه پاییزییه‌كه‌ی به "مێهره‌گان"، هه‌ردووک ڕۆژیشیان كردوون به جێژن. ... به هه‌ر حاڵ، وه‌ک ده‌بینین، "مێهره‌گان" له‌و باره‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ئه‌فسانه‌ی ئه‌ژده‌هاک و فه‌ره‌یدوون و ڕاپه‌ڕینی "كاوه"وه نییه. جێژنێک بووه پێوه‌ندی به نیوه‌ی دووهه‌می ساڵه‌وه هه‌بووه و وه‌ک جێژنی "نه‌ورۆز" به گرینگ دانراوه و شه‌ش ڕۆژی(له 16ی مانگی مێهره‌وه تا 21ی مێهر) خایاندووه. دیاره له‌وانه‌یه سه‌رنخوونبوونی ئه‌ژده‌هاک به هه‌ڵكه‌وت كه‌وتبێته ئه‌و ڕۆژه، به‌ڵام هه‌ڵكه‌وتێكی ئاوا نابێ ببێته هۆی گۆڕانی بۆنه‌ی جێژنێک. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ناسره‌دین‌شایان ده ڕۆژی هه‌ینی دا كوشتبێ، نابێ پێمانوابێ ڕۆژی هه‌ینی به بۆنه‌ی كوشتنی وییه‌وه بۆته ڕۆژی پشوودان.
ئێوه ئه‌گه‌ر له شانامه دا هه‌ر به‌شی پاشایه‌تیی ئه‌ژده‌هاک بخوێننه‌وه، هیچتان له كاكڵی ڕووداوه‌كه بۆ ده‌رناكه‌وێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌بێ كه كابرایه‌ک هاتۆته سه‌ر ته‌خت كه دوو ماری له‌سه‌ر شانانه و چونكه ناچاره مێشكی لاوانیان ده‌رخوارد بدا هه‌تا ئازاری نه‌ده‌ن، خه‌ڵک وه‌زاڵه دێن و ڕاده‌په‌ڕن و له پاشایه‌تی ده‌خه‌ن و فه‌ره‌یدوون له جێی وی دێننه سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی. قاره‌مانی سه‌ره‌كیی ئه‌و شۆڕشه‌ش ئاسنگه‌رێكه كه كوته چه‌رمی ئاسنگه‌رییه‌كه‌ی به سه‌ری دارێكه‌وه ده‌كا؛ وه‌نه‌زانن فیرده‌وسی نه‌یزانیوه كه بۆ شۆڕش كردن حوكم نییه شتێک به سه‌ری دارێكه‌وه بكا، به‌ڵام ئه‌و كوته چه‌رمه‌ی بۆ دوایه، كه ده‌بێ به نیشانه‌ی یه‌كێتیی چینایه‌تیی تاڵانكه‌ره‌كان و تاڵانكراوه‌كان به‌یداخی كاوه هه‌ڵدرێ، پێویست ده‌بێ! به‌ڵام كاتێک ده‌گه‌نه به‌شی پاشایه‌تیی فه‌ره‌یدوون، دیاره به‌و مه‌رجه‌ی لێی ورد بنه‌وه و خێرا به سه‌ری دا تێنه‌په‌ڕن، تازه تێده‌گه‌ن كه له لایه‌كه‌وه ئه‌و مارانه‌ی سه‌ر شانی ئه‌ژده‌هاكی بێچاره بیانوو بوون و ئه‌وه‌ی فیرده‌وسی لێی شاردوونه‌وه و له جێی خۆیدا باسی نه‌كردووه شۆڕشی چینایه‌تیی ئه‌ژده‌هاک بووه؛ له لایه‌كی دیكه‌وه به سه‌رسوڕمانه‌وه بۆتان ده‌رده‌كه‌وێ كه ئاسنگه‌ره قاره‌مانه‌كه‌ی سه‌رده‌می ئه‌ژده‌هاک لاتێكی خوێڕی بووه و خه‌یانه‌تی به چینه چه‌وساوه و بێ به‌شه‌كان كردووه.
---------------------------------------------------------------------------
سه‌رجه‌می وته‌كانی ئه‌حمه‌دی شاملوو - به فارسی-
http://www.javaan.net/honar/book/shamluberkly.pdf
---------------------------------------------------------------------------
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
مێهره‌جان
عه‌لی
حه‌سه‌نیانی(هاوار) 1939 - 1992
یه‌كێک
له‌و وشانه‌ی كه دوای ئاڵ و گۆڕێک
هاتۆته نێو زمانی ئه‌ده‌بیی كوردییه‌وه
و به داخه‌وه زۆریش كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن،
وشه‌ی "مێهره‌جان"ه. وشه‌ی "مێهره‌جان"
به هه‌ڵه بۆ گشت جێژن و كۆبوونه‌وه‌یه‌ک،
كه به به‌زم و شادییه‌وه به‌ڕێوه بچێ،
هه‌روه‌ها له جیاتی "فێستیوال"، به‌كار
ده‌برێ.
جا با بزانین ئه‌و وشه‌یه
له كوێوه هاتووه. له پێش زاڵبوونی
ئیسلام به سه‌ر وڵاتی ئێمه دا چه‌ندین
جێژنی نه‌ته‌وایه‌تیمان هه‌بوون. وه‌ک "جێژنی
نه‌ورۆز" كه یه‌كه‌م ڕۆژی به‌هاره و
ئێشتاش له كوردستاندا هه‌ر باوه. "جێژنی
سه‌ده" كه سه‌د ڕۆژ پێش ساڵی تازه،
واتا له بیسته‌می مانگی سه‌رماوه‌ز دا،
گیراوه. "جێژنی بێڵندانه" یان "بێلـندانه"
كه ڕۆژی پازده‌ی ڕێبه‌ندان، واتا له
نێوه‌ڕاستی زستاندا، بووه و ئێستاش له
زۆر شوێنی كوردستاندا هه‌ر باوه و ئه‌و
ڕۆژه‌ی ده‌كه‌نه جێژن. "ڕۆژی
سێزده‌به‌ده‌ر" كه سێزده‌هه‌مین ڕۆژی
به‌هاره؛ له‌و ڕۆژه دا بۆ وه‌لابردنی
به‌دشوومیی ساڵی كۆن ده‌چوونه ده‌ره‌وه‌ی
شار و ئاوایی و ده‌یانكرده جێژن و ئێستاش
له زۆر شوێنی كوردستاندا ئه‌و جێژنه
ماوه. هه‌روه‌ها چه‌ندین جێژنی دیكه
گیراون كه یه‌كێک له‌وان ڕۆژی پازده‌ی
مانگی ڕه‌زبه‌ر بووه، كه به بۆنه‌ی
هه‌ڵگرتنی به‌رهه‌می كشت و كاڵ كردوویانه
به جێژن. ئه‌و ڕۆژه به "مێهرگان"
ناوبراوه. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین كه
به‌ر له هاتنی ئیسلام بۆ وڵاتی ئێمه،
هه‌ر ڕۆژێک له ساڵ دا ناوێكی تایبه‌تی
هه‌بووه و ناوی ڕۆژی پازده‌ی مانگی
ڕه‌زبه‌ر "مێهرگان" بووه. ئێستاش
فارسه‌كان به مانگی ڕه‌زبه‌ر ده‌ڵێن
مانگی "مێهر". عه‌ڕه‌بان وشه‌ی "مێهرگان"یان
وه‌رگرتووه و له به‌ر ئه‌وه‌ی كه له
عه‌ڕه‌بیدا پیتی " گ" نییه " گ"یه‌كه‌یان
كردووه به "ج" و وشه‌كه‌یان له "مێهرگان"ه‌وه
كردۆته "مێهره‌جان" و بۆ "جێژن و
فێستیوال" له‌و وشه‌یه كه‌ڵک وه‌رده‌گرن.
ئه‌و وشه‌یه سه‌ر له نوێ له زمانی
عه‌ڕه‌بییه‌وه، به ئاڵ و گۆڕێكه‌وه كه
به سه‌ری دا هاتووه، هاتۆته‌وه نێو
زمانی كوردی. وه‌ک گوتمان وشه‌ی "مێهرگان"
ناوی جێژنێكی تایبه‌تییه و وشه‌ی "جێژن"
گشتیتره و باشتر ئه‌وه‌یه له جیاتی
وشه‌ی "مێهره‌جان" له وشه‌ی "جێژن" كه‌ڵک
وه‌ربگیرێ.
---------------------------------------------------------------------------------------
وه‌رگیراو له وێبلاگی هێدی:
http://hedih.blogspot.com/2004_03_01_archive.html